وتووێژ لەگەڵ ئازاد سەعیدی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵانەوە

وتووێژ لەگەڵ ئازاد سەعیدی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵانەوە

وتووێژ لەگەڵ ئازاد سەعیدی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵانەوە

سازدانی دیمانە: ناوەندی وەشانخانەی 49 کتێب

 

١. چیرۆک چۆن دەتوانێت یارمەتی گەشەی هزری منداڵ لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا بدات؟

بە پێی گەشەی جەستەیی و گەشەی زەینی منداڵ لە یەکە یەکە قۆناغەکاندا، چیڕۆک وەک هاڕمۆنی دێتە سەر و دەبێتە دەستێک بۆ گرتنی دەستی منداڵ بۆ دارە دارە کردن و ڕۆییشتن و گەورە بوون. هەر وەک دەزانین چیڕۆک زمانی سێهەم کەسە بۆ منداڵ و چونکە زمانێکە بێ بەرامبەر(بڵێین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وتار و ئاکار) بۆ منداڵ خۆشترە و زۆرتر وەردەگیرێ لە لایان منداڵ. هەر بۆیە منداڵ چیڕۆک تەواو وەردەگرێ و دەیخاتە ناخی زەینی خۆیەوە و بیر و هزری پێ گەشە دەدات.
ئەگەر نووسەری چیڕۆک و ئەو کەسەی چیرۆک بۆ منداڵ دەڵێتەوە بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ چیڕۆکێکی شیاو و گونجاو هەڵبژێرێ، بێ گومان دەبێتە هۆی هەوێنی هزری منداڵ بۆ گەشە کردن.

٢. چ تایبەتمەندییەک لە چیرۆکدا دەتوانێت یارمەتی پەرەپێدانی داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی منداڵ بدات؟

بۆ ئەوەی چیڕۆک ببێتە ئامێرێکی درووست بۆ داهێنان و بیرکردنەوەی ڕخنەگرانە لە منداڵدا، پێویستە چەند تایبەتمەندی ببێت:
– ڕەوتی ڕووداوی درووست و داڕشتنێکی ڕێکووپێک
– ناوەرۆکی چیڕۆک بۆ منداڵ جێگەی تێگەییشتن بێت
– بە پێی ژیانی ئەوڕۆیی بنووسرێت
– ڕەوشتی درووست و هەڵە و ڕاستی و درۆ و ئاژاوە و ئاشتی و هتد… بە ڕاشکاوی بەرباس بخات
– حورمەت بۆ فامی منداڵ دابنرێت و جۆرێک بنووسرێ کە منداڵ تووش بیرکردنەوە بکات
– ڕێگە بدات منداڵ بە پێی بیر و فکر و هزری خۆی لە ئاکامی خوێندنەوەی چیڕۆکدا، توانای هەڵبژاردنی ببێت
– توانای بەرەنگاری بدات بە منداڵ کە هەڵوێستی درووستی هەبێ بۆ کەسایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگا

٣. ئایا چیرۆکە خەیاڵییەکان بەراورد بە چیرۆکە واقیعییەکان کاریگەرییەکی جیاوازیان لەسەر مێشکی منداڵان هەیە؟

بەپێی ئەوەیکە زەینی منداڵ زۆر تیژە و هاوکات توانای حەز و خولیای زۆرە، چیڕۆکە خەیاڵییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرکی بگرن بۆ گەشە پێدان بە بیر و هزری منداڵ. زۆر جار زۆر بابەت لە دوونیای ڕاستیدا هەر نییە بەڵام لە دوونیای خەیاڵی منداڵدا هەیە.
بۆ نموونە منداڵ زۆر جار بە پێی ڕەوشت و هەڵسووکەوتی کەسایەتی دەورووبەری خۆی، ئەوان ەکوو ئاژەڵ یان ئامێری جۆراوجۆر دەبینێ و لە خەیاڵیدا دەتوانێ دەستکاریان بکات و گۆڕانکاریان بەسەر بێنێ، بەڵام ئەوە لە دوونیای ڕاستیدا هەرگیز ناکرێ.
یان زۆر جار ئێمە دەبینین منداڵ زۆر وەستایانە گیان دەبەخشێ بە بووکەڵە و ئامێرەکانی یاری خۆی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئاخافتن و قسە کردنی هەیە لەگەڵیان، کە هەر ئەوە خۆی دەبێتە هۆی گەشە پێدان بە بیر و زەینی منداڵ کە خۆی مامۆستای خۆیەتی. دەی ئەوە هەرگیز لە دوونیای ئاسایی و ڕاستی ئێمە گەورەساڵاندا ناکرێ.

٤. ئایا چیرۆکی منداڵان دەتوانن یارمەتی گەشەی تواناکانی کۆمەڵایەتی و سۆزداری بدەن؟

بەڵێ زۆر ئاساییە کە منداڵ بە هۆی بیستن یان خوێندنەوەی چیڕۆکێک، بتوانێ لە بواری کۆمەڵایەتی و هاودەردی و دڵسۆزی بۆ کۆمەڵگا ڕۆڵی کاراکتێرێکی ئاوها لە ناو چیڕۆکەکە بگرێتە ئەستۆ و خۆی لە جێگەی ئەو دابنێ و ئاکار و ڕەوشتی ئەو ڕەچاو بگرێ.
هەر وەکوو دەبینین کاتێک منداڵێک ئەنیمەیشنێک دەبینێ یان چیڕۆکێک دەخوێنێتەوە دەڵێ من “ئێسپایدڕمەن” دەبم یان “بەتمەن” منم. تەنانەت زۆر جار جلوبەرگی ئەوانیش دەستێنێ و دەیکاتە بەری. لێرەدا ئێمەی چێڕۆکنووس دەبێ بزانین کە چ دەخوڵقێنین بۆ منداڵی کۆمەڵگا تا ببنە ئەو کەسایەتییە.

٥. ڕۆڵی دایک و باوک و مامۆستایان لە هەڵبژاردنی چیرۆکی گونجاو بۆ هەر قۆناغێکی گەشە چییە؟

مامۆستایان دەتوانن وەک پسپۆڕێکی بواری قۆناغەکانی گەشەی جەستە و زەین و مێشکی منداڵ و هاوکات بە ناسینی دوونیای منداڵ – بە هۆی تێکەڵاوی لەگەڵ منداڵان – کاریگەرییەکی تەواویان هەبێ بۆ ناسین و خوێندنەوە و ناساندنی چیڕۆکی تایبەت بۆ منداڵان.
هەروەها دایک و باوک، بەپێی ئەوە کە لەگەڵ منداڵەکەیان دەژین و باش دەیناسن، دەتوانن بە خوێندنەوە و موتاڵای دوونیای منداڵان، ڕۆڵی سەرەکیان هەبێ بۆ ناسین و ناساندنی چیڕۆکی باش بۆ منداڵی خۆیان.
لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە بە هۆی جیاوازی منداڵان و تایبەتمەندی دوونیا و زەینی هەر منداڵێک، دەتوانین چیڕۆکی زۆر تایبەت بۆ کێشەیەکی دەروونناسی یان بۆ باشتر کردنی هەڵسووکەوتی منداڵ بدۆزینەوە و بیخەینە بەردەستی بۆ ئەوە کە کێشەی چارەسەر بێت. یان بۆ بەهێزتر کردنی تایبەتمەندی جۆراوجۆری منداڵان وەک داهێنان، توانای یارمەتی، هاوڕێیەتی، مێهرەبانی و …

٦. ئایا شێوازی گێڕانەوە و زمانی چیرۆک کاریگەریی لەسەر تێگەیشتن و پڕۆسەی هزری منداڵ هەیە؟

بەڵێ بێ گومان. زۆر جار لەوانەیە گێڕانەوەی خراپ، چیڕۆکێکی زۆر تایبەت بکاتە هیچ یان بەپێچەوانەوە گێڕانەوەیەکی زۆر باش دەتوانێ چیڕۆکێکی زۆر ئاسایی گەورە و بەهێزتر بکات.
مامۆستا “هاشم ئەحمەدزادە” کتێبێکی زۆر باشی بە ناو “گێڕانەوەناسی” هەیە. دەکرێ کەسێک بیهەوێ چیڕۆکبێژێکی باش بێت ئەو شتانە بزانێت.
هەموو کەس ناتوانێ چیڕۆکێک باش و بەهێز و پڕچێژ بڵێتەوە. باشترە بڵێم ئەگەر چیڕۆکێک چوار کەس بیڵێنەوە، دەتوانین بڵێین بە چوار شێوەی جیاواز دەیبیستین.
بەتایبەت بۆ گوێچکەی منداڵ، یان ئەگەر نوسراوە بێت، بۆ چاو و مێشکی منداڵ جۆری گێڕانەوە و نووسین زۆر گرینگە بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێ لە سەر هزری منداڵ.

٧. ئایا چیرۆکە کوردییەکان بە باشی توانیویانە پێداویستییە هزری و مەعریفییەکانی منداڵانی کورد دابین بکەن؟

ناتوانین بڵێین چیڕۆکە کوردییەکان تا ڕادەیەکی زۆر پێداویستی هزر و ناسین و زانیاری منداڵانیان تێر کردووە. چونکە بەداخەوە هەموو کات لە بەینی زەینی گەورەساڵ تا زەینی منداڵ، بۆشایی و داپچڕان هەیە. باشترە بڵێم ئەوەی گەورەساڵ بۆی گرینگە و بە پێداویستی ژیان و دوونیای منداڵی دەزانێ، لەوانەیە ئەوە نەبێ کە منداڵ پێویستی پێی هەبێ.
بەڵام هەموو کات چیڕۆکنووس بیر لەوە دەکاتەوە کە بتوانێ شتێ بنووسێ کە منداڵ بەشوێنیەوە دەگەڕێ. واتە چیڕۆکێ بنووسرێ کە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ بێت. لەوە باشتر، ئەوەیە بڵێم چیڕۆکێ بنووسین کە پرسیاری گرینگ و سەرەکی لە زەینی منداڵان درووست بکات.
دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە ئەگەر چیڕۆکە کوردییەکان تا ڕادەیەکی زۆر پێداویستی ژیان و بیر و هزری منداڵانیان ڕەچاو گرتبا، دەبوو ئێستا هەموو منداڵان چیڕۆکی کوردی بخوێننەوە. کە بەداخەوە وا نییە. هەرچەند دەزانین کە دەسەڵات و پەروەردەش ڕێگر بوون لەو نەهامەتییەدا.
هەر ئەوە دەتوانێ خەبەرێکی خۆش بێت بۆ چێڕۆکنووسانی کورد کە بڵێین زۆر کار نەکراوە، دەی با من کار بکەم.

٨. ڕۆڵی زمانی دایک لە تێگەیشتن و کاریگەریی چیرۆکە منداڵانە کوردییەکان چییە؟

هەر وەکوو دەزانین، زمان هەر ئەندام و ئامێری قسە کردن نییە. یان بڵێین هەر بۆ پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگا نییە. زمان پێش ئەوە کە ببێتە قسە و ڕستە و پەیام و وتار، فکر و بیرکردنەوە بووە.
یانی ئێمە پێش ئەوەی قسە بکەین و هاوکات لەگەڵ قسە‌کردنیشدا، بیر دەکەینەوە.
ئەو بابەتەم بۆچی باس کرد؟
بۆ ئەوە کە بزانین کە منداڵ زیاتر لە هەر زمانێک، بە زمانی دایکی، واتە زمانی زگماکی دەتوانێ باشتر تێبگا و باشتر بابەتەکان وەربگرێ و لە ناو زەینی خۆیدا ڕایگرێ و ببێتە هۆی گەشەی بیر و هزر.
یانی ئەگەر بەجێی زمانی دایکی، بە زمانێکی دیکە چیڕۆک بخوێنێتەوە، پێش ئەوە چێژ بگرێ یان شتێ فێر بێ، دەبێ بیر لە وەرگێڕانی زمانەکە بکاتەوە. لەوەش گرینگتر، ئەوەیە کە کەسێکی دیکە – وەک دیگەری- دێت داڕشتن و بیرکردنەوە بۆ ئەو منداڵە دەخاتە ئەستۆ یان پێی دادەسەپێنێ. هەر ئەوەش دەبێتە هۆی کۆیلە بوونی بیر و هزری منداڵ لە لایان دیگەری.

٩. چۆن دەتوانرێت سوود لە چیرۆکە کوردییەکان وەربگیرێت بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتووری و زمانی منداڵان؟

بۆ ئەوەی چیڕۆکی کوردی و کتێبی کوردی منداڵان بەسوود بێت و ببێتە ناسنامەی کەلتووری و زمانی منداڵان، بە ڕای من، پێویستە چیڕۆکنووس پێش ئەوەی بنووسێ، زۆر بخوێنێتەوە، واتە هەموو نووسەرێک باشترە زۆرتر لە نووسین هەموو کات بخوێنێتەوە. لە بواری کەلتووری کوردی بخوێنێتەوە. لە بواری دوونیای منداڵ و پێداویستییەکانی بخوێنێتەوە. تا منداڵ باشتر بناسێ و بزانێ پێداویستی منداڵی ئەوڕۆ بۆ گەشەی بیر و هزر چییە. ئەگەر منی نووسەر هەموو کات ئەوڕۆیی نەبم ناتوانم منداڵی ئەوڕۆیی بناسم و بەپێی تایبەتمەندی منداڵی ئەوڕۆیی بنووسم. کەوابێ ناتوانم بەسوود بم و ناتوانم کارێک بکەم خوێنەر بۆ چیڕۆکەکانم بدۆزمەوە.
هەروەها دەبێ خۆم منداڵێکی ئەوڕۆیی بم، واتە لە ئاست منداڵ ببینم و چێژ وەرگرم لە دونیای منداڵ و تێیدا بتوێمەوە، بۆ ئەوەی بزانم پرسیارەکانم چییە. ترسەکانم چین. حەز و ئاوات و خولیاکانم چۆنن. پێداویستییەکانی ژیانم چ بابەتێکن. چۆن دەتوانم وەک منداڵێکی کورد لە سەر پێم بوەستم و ڕابێم و فێر بم و بمێنمەوە و …

گه‌ڕاڵ به‌گ

12.00 

بەرنامەی هەفتانەی ڕادیۆ ٤٩

ڕۆژانی هەفتە

کاتی پەخشکردن

کاتی پەخشکردن

کاتی پەخشکردن

کاتی پەخشکردن

کاتی پەخشکردن

کاتی پەخشکردن

کاتی پەخشکردن

search

Languges

subject

Authors