وتووێژ لەگەڵ شەماڵ نەوڕۆڵی نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان
تەوەری وتووێژ: پەرەپێدانی کتێب و خوێندنەوە لە منداڵاندا
سازدانی دیمانە: ناوەندی وەشانخانەی 49 کتێب
١. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خوێندنەوە لە منداڵیدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەشەی بیرکردنەوە، زمان و سۆزداری هەیە. بە ڕای ئێوە چ فاکتەرگەلێک دەتوانن منداڵان هان بدەن بۆ خوێندنەوەی کتێب؟
خوێندنەوە نەك هەر هێندە، بەڵكو ڕۆڵی سەرەكیش دەبینێت لە بنیاتناننی كەسێتی منداڵدا; لەدواییشدا لە قۆناغەكانی تری ژیانیدا، وەكو گەنجینەیەكی پڕ بەها، بەرهەم و سوودەكانی دەبینێتەوە.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكە،
١- دەوروبەر بە شێوەیەكی گشتی فاكتەرێكی گەلێك سەرەكییە لە هاندانی منداڵاندا بۆ خوێندنەوە. ئەندامانی خێزان، دایكان و باوكان بەتایبەتی، مامۆستا و قوتابخانە و هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی تری منداڵ، هەموو ئەمانە دەتوانن كاریگەریی زۆر گرنگیان هەبێت.
٢- دایكان و باوكان ئەگەر بتوانن چیرۆك و بەسەرهات بۆ منداڵەكانیان بگێڕنەوە یان بخوێننەوە، هاندانێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی منداڵ ئارەزووی خوێندنەوەی لە لا دروست ببێت و بكەوێتە نێو دنیای ڕەنگاوڕەنگی كتێبەوە.
٣- قوتابخانە و مامۆستا بە هەمان شێوە دەتوانن دەوری گرنگیان هەبێت، ئەگەر نەڵێم بە پلەی یەكەم ئەوا بەدڵنیاییەوە بە پلەی دووەم دەژمێردرێت.
– باسكردنی كتێب، گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆك، خوێندنەوەی كتێب بە گروپ لە كتێبخانەی قوتابخانەكاندا، باسكردنی ناوەڕۆكی كتێبەكان، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەهرە و و تواناكانی منداڵان، شیكردنەوەی هۆنراوە و چیرۆك و جەختكردنەوە لەسەر خاڵە ئەرێنییەكانی نووسین و كتێب خوێندنەوە، …هتد. گەلێك خاڵی تریش دەبنە هۆی ڕاكێشانی منداڵ بەرەو جیهانی كتێب و خوێندنەوە.
٤- خاڵێكی گرنگی تر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا ئەوەیە، كە پێویستە هەموو كاتێك حەز و ئارەزووەكانی منداڵ لەبەرچاو بگیرێت. كتێب خوێندنەوە نابێت بەسەریدا بسەپێنرێت، یاخود وەكو ئەركی قوتابخانە جێبەجێی بكات، بەڵكو هەمیشە دەبێت خۆشییەكانی زێدەتر بكات، بەدڵگەرمی و پەرۆشییەوە حەز لە كتێب خوێندنەوە بكات. پێویستە خۆی ئەو كتێبانە هەڵبژێرێت كە دەیخوێنێتەوە، نەك ئەوانەی كە گەورەكان بە گونجاوی دەزانن.
٥- ڕێكخستنی یاری و پێشبڕكێ و بۆنەی جۆراوجۆر بۆ كتێب خوێندنەوە; دابەشكردنی خەڵات و پاداشت، دەتوانێت تا ڕادەیەك ببێت بە هاندانی ژمارەیەكی تر لە منداڵان بۆ كتێب خوێندنەوە.
٦- تەماشاكردنی فیلم و بەرنامەی منداڵان، باسكردنی كتێبی نوێ و سەرنجڕاكێش، چاوپێكەوتن لە گەڵ نوووسەر و شاعیرانی ئەدەبی منداڵاندا.
بێگومان خاڵی تریش هەیە، بەڵام ئەوانەی سەرەوە گرنگەكانیانە.
٢. لە دنیای دیجیتاڵی ئەمڕۆدا کە منداڵان زیاتر سەروکاریان لەگەڵ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا هەیە، چۆن دەتوانین حەز و ئارەزووی خوێندنەوەی کتێبە چاپکراوەکان لە نێویاندا بەهێز بکەین؟
– ئەمە نەك تەنیا لە ژیانی منداڵاندا، بەڵكو لە ژیانی گەوەرەكانیشدا وایە. ناتوانین بڵێن دەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، ئێستا ئیتر ئەم دنیای دیجتاڵییە لە ئارادا هەیە. بەشێكی پڕۆسەی نووسین و خوێندنەوە و بڵاكراوەكان بەم شێوازیەیە و بمانەوێت و نەمانەوێت پانتاییەكی دیاری داگیر كردووە; بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، هێشتا وەكو گەلێك لە بوارەكانی تریش، دەتوانرێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە كتێب بە ژمارەیەكی زۆر بگەڕێنرێتەوە نێو دەستی خوێنەران و سەر ڕەفەی كتێبخانەكان. چاپكردنی كتێبی باش، لەبەرچاوگرتنی چاوەڕوانییەكانی خوێنەر، ڕێكلام و گرنگی پێدانی چاپكراوی نوێ، خستنە بەرچاوی خوێنەران. هەروەها سوود لە پێشانگای كتێب و كۆڕبەندەكان وەربگیرێت. ئەمە بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام بۆ كتێبی منداڵان، زۆر پێویستە كتێبەكان بە كوالیتێتی بەرز، وێنە و نیگاری ڕەنگاوڕەنگ و گونجاو، بابەتی سەرنجڕاكێش و ناوەڕۆكی پەسەند كە لەگەڵ تەمەنی منداڵاندا بگونجێت، دەتوانرێت كتێب بە شێوەی جاران بڵاو بكرێتەوە.
٣. دایک وباوک و مامۆستایان چ ڕۆڵێکیان لە دروستکردنی خووی خوێندنەوەدا هەیە لە منداڵاندا؟ ئایا ڕێگای تایبەت پێشنیار دەکەن کە دایک و باوک بتوانن لە ماڵەوە بەکاریان بهێنن؟
– بەشێكی ئەم وەڵامەم، لە خاڵی یەكەمدا جێگا كردۆتەوە، وەلێ وەڵامەكەم قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت، دەتوانم هەندێ شتی تریشی لەسەر بڵێم. وەكو لە پێشەوە ئاماژەم پێ داوە، دایكان و باوكان و قوتابخانە لە هاندانی منداڵدا بۆ كتێب خوێندنەوە زۆر گرنگن، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر دایكان و باوكانی كوردستان بكەین، جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، (لێرەدا بواری ئەوە نییە كە باسی ڕەوشی كوردستان بكەم).
من بەش بە حاڵی خۆم نە لۆمەیان دەكەم و نە ڕەخنەیەكیشیان لێ دەگرم; چونكە ئەوان لە ژیانی ڕابردووی خۆیاندا (مەبەستم لە قۆناغی منداڵییاندایە) كلتووری كتێب خوێندنەوەیان نەبووە، كتێبی منداڵان وەكو ئەوەی كە ئێمە ئێستا لە ئەوروپادا دەیبینین، نەبووە.
كتێبی منداڵان هەتاكو ئەمڕۆیش بە زمانی كوردی زۆر زۆر كەمە، بە ئەندازەی پێویست نییە، تەنها بۆ قۆناغێكی دیاریكراو ئەدەبی منداڵان نووسراوە، هەتاكو ئێستایش بۆ گەلێك لە قۆناغەكانی تەمەنی منداڵان كتێب هەر بوونی نییە، بۆ نموونە تەمەنی دە و یازدە و دووازدە ساڵان یان بەرەو ژوورتڕ.
دایكان و باوكان خۆیشیان بێبەش بوون لە دنیای كتێب، لە ڕاستیدا لە هەموو خۆشییەكانی تری منداڵیش. پێم وایە ناكرێت لەو بارەیەوە گلەییان لێ بكرێت.
ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكە، دەڵێم: هەموو دایك و باوكێك منداڵی خۆی خۆش دەوێت، بێگومان حەز دەكات خۆشیی و ئاسوودەیی بۆ دابین بكات، دایكان و باوكان پێم خۆشە ئەو ڕاستییە بزانن، كە بەشێكی خۆشییەكانی منداڵ كتێبە. كتێبی منداڵان بە جۆرێك دەنووسرێت و چاپ دەكرێت كە ببێتە مایەی دڵخۆشی منداڵ. دایكان و باوكان پێویستە منداڵەكانیان لەو خۆشییە بێبەش نەكەن.
دایك و باوكان دەتوانن چی بكەن:
– هەمیشە بە ئەرێنی و گرنگییەوە باسی كتێب خوێندنەوە بكەن.
– بەردەوام چیرۆك و بەسەرهات و كتێب بۆ منداڵەكانیان بخوێننەوە، دەبێت ئەو ڕاستییە لە لایان ڕوون بێت، كە هەموو منداڵێك لە جیهاندا حەز لە چیرۆك و بەسەرهات و گێڕانەوە دەكات.
– كتێبی جۆراوجۆر بەگوێرەی تەمەنی منداڵەكە بە دەست بخەن، با لە ماڵەوە ڕەفەی كتێب، یان كتێبخانەیەكی بچووكی ڕازاوە هەبێت.
-هەتاوەكو منداڵ گەورە دەبێت و دەتوانێت كتێب بخوێننەوە، چەند خوولەكێك دایكان و باوكان كاتیان بۆ تەرخان بكەن و كتێبیان بۆ بخوێننەوە.
– ئارەزووی منداڵ لەبەرچاو بگیرێت، با هەڵبژاردنی كتێبەكان لەسەر حەزی منداڵەكە خۆی بێت.
– ئافەرین و دەست خۆشی زۆر گرنگە، دوای ئەوەی كە منداڵێك كتێبێك دەخوێنێتەوە، ئەگەر حەزی كرد باسی بكات، پێویستە گوێی لێ بگیرێت.
بە هەمان شێوە مامۆستای بەڕێزیش گەلێك بواری هەیە كە هانی منداڵان بدات بۆ كتێب خوێندنەوە. جگە لە خاڵەكانی سەرەوە
– كتێب و خوێندنەوە لای قوتابییەكان باس بكات، سەرنجیان بۆ لای هەندێ ناونیشانی كتێب ڕابكێشێت.
– پێشبڕكێ و بۆنەی كتێب خوێندنەوە بسازێنێت بۆ هاندانی قوتابییەكان.
– توانا و بەهرەكانیان بدۆزێتەوە و دەریان بخات.
– هەماهەنگی لەگەڵ دایك و باوكان و كتێبخانەكاندا هەبێت، بێگومان بۆ پێشخستنی كتێب خوێندنەوە لە لای منداڵان.
٤. بە بۆچوونی ئێوە کتێبی منداڵان دەبێت تا چەند پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی منداڵانەوە هەبێت؟ ئایا چیرۆکە وەرگیراوەکان لە ئەزموونی ڕاستەقینەی منداڵان، لە پەرەپێدانی خوێندنەوەدا کاریگەرترن؟
– ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە. گەلێك كەسی تر جگە لە منداڵان خۆیان دەتوانن سوود لەم. پرسیارە وەربگرن. بێگومان هەموو چیرۆكێكی باش كاریگەری خۆی هەیە. ناوەڕۆكی چیرۆكەكان پەیوەندی بە تەمەن یان ئارەزووی منداڵانەوە هەیە.
– منداڵان بیركردنەوەكانیان لە یەكدی جیاوازن، هەندێكیان حەزیان لەو چیرۆكانەیە كە هەڵقووڵاوی ژیانی ڕاستەقینەی خۆیانن، بۆ نموونە چیرۆكی ناو خێزان، قوتابخانە، هاوڕێیەتی، ژیان و كێشە و گیروگرفتەكانی ڕۆژانە، ئەم چیرۆكانە وەكو ئاوێنەیەك، منداڵان خۆیانیان تیا دەبیننەوە. هەندێجاریش ئەم چیرۆكانە دەبنە چارەسەری گرێ كوێرەكان، یان دەرخستنی هەندێ گۆشەی نادیاری ژیانیان.
– چیرۆكی ڕاستەقینە زۆر جار پەیامی ڕێز و خۆشەویستی و چاكەكاری و ڕەشتی بەرز دەگەێنێت، هەموو ئەو چەمكانە بەدڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەی كاریگەرییان دەبێت لە ژیانی منداڵاندا.
چیرۆكی خەیاڵ و دنیای فەنتازی
– خەیاڵی منداڵان سنووری نییە، منداڵان زۆر حەز لە سەرچڵی و سەرەڕۆی و دنیای خەیاڵ دەكەن. چیرۆكی خەیاڵ و فەنتازی لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆر لە حەز و ئارەزووی منداڵانەوە نزیكە.
– ژمارەیەكی بەرچاو لە منداڵان بە پەرۆشەوە ئەم چیرۆكانە دەخوێننەوە. ناوەڕۆكی گەلێك لەم چیرۆكانە پڕە لە پەیامی ئازایەتی و باوەربەخۆبوون و بەرەنگاربوونەوە و داهێنان و كەسایەتی بەهێز و دەیان چەمكی تر.
بە گشتی هەموو جۆرە چیرۆكان كاریگەرن، ئەگەر ناوەڕۆكی باش و بە شێوەكی باش واتە گوالیتێتی بەرز چاپ بكرێت، ئامانجی نووسەرەكەیش لە پێش هەر شتێكدا ئاسوودەیی و دڵخۆشی منداڵان بێت.
۵. ڕۆڵی کتێبخانە گشتییەکان و قوتابخانەکان لە بەهێزکردنی کەلتووری خوێندنەوە لە نێو منداڵاندا چییە؟ ئایا ئەزموونێکتان لەم بوارەدا هەیە کە بتوانن هاوبەشی بکەن؟
كتێبخانە گشتتییەكان و قوتابخانەكان ئێجگار زۆر گرنگن لەو بوارەدا. كتێبخانەكان و بە هەمان شێوە كتێبخانەی ناو قوتابخانەكانیش، هەمیشە ژمارەیەكی زۆر كتێب دەخەنە بەر دەستی منداڵان، ئەوە هەر تەنیا لە كتێبخانەكاندا ئەو بوارە ڕەخساوە كە منداڵان بە ئارەزووی خۆیان بەدوای كتێبدا بگەڕێن و بیخوێننەوە، بەبێ ئەوەی كە ئەو كتێبانە بكڕن.
لێرەدا بەداخەوە دیسانەوە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان قسەكردن لەسەر كتێبخانەی كوردی یان ئەوانەی كە لە وڵاتەكانی ئەوروپادا هەن.
لێرە لە ئەوروپا ژمارەی ئەو كتێبخانانە زۆرن، ژمارەی كتێبەكانیش هەر بەو شێوەیە، بۆ هەموو قۆناغەكانی تەمەنی منداڵانیش كتێبەكان لە ژماردن نایەن، لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر منداڵان بەو پەڕی ئازادییەوە دەچنە ناو كتێبەكانەوە و دهستكاری دهكهن و خۆشی لێ دەبینن. گەلێك جاریش بە هەماهەنگی لەگەڵ قوتابخانەكاندا منداڵان بە گروپ، جگەلە تهنیا مەبەستی كتێب خوێندنەوە، دەیان چالاكی جۆراوجۆری تریش ئەنجام دەدهن. بێگومان هەموو ئەمانە دەبنە هاندان و بەهێزكردنی كەلتووری خوێندنەوە لەنێو منداڵاندا.
هەندێ لەو چالاكییانەی شاری بۆن لە ئەڵمانیا كە بۆ خۆیشم وەكو گوێگر (نەك وەكو نووسەر) بەشدارییم تێدا كردووە:
– خوێندنەوەی چیرۆك و هۆنراوە بۆ منداڵان لە لەلایەن نووسەرانهوه; ئەم جۆرە خوێندنەوانە بۆ منداڵان زۆر كاریگەرە، كتێبی لا خۆشهویست دهكات.
– ڕێكخستی پێشبڕكێی كتێب خوێندنەوە لەنێوان قوتابیاندا.
– یارمەتیدان و هاوكاریكردنی منداڵان لەناو كتێبخانەكاندا، بۆ نموونه لە كاتی پشووەكاندا، ئەم جۆرە چالاكییە منداڵان زۆر لە كتێب نزیك دەخاتەوە.
لە بارەی ڕۆڵی قوتابخانەوە، پێم وایە لە وەڵامەكانی پێشوودا، باسی مامۆستامان كردووە، هەندێ خاڵی تریش هەیە. بەڵام لە چاوپێكەوتنێكی وادا هەر ئەوەندا جێگای دەبێتەوە.
لە كۆتایی ئەم وەڵامەدا، هیوادارم لە ئایندەدا، كتێبخانەی كوردی زۆر دەوڵەمەند بێت بە كتێبی منداڵان، ژمارەی كتێبخانە گشتییەكان و هی ناو قوتابخانەكانیش زۆر زۆرتر ببن.
٦- چۆن دەتوانین کتێبی منداڵان بەشێوەیەک بنووسین کە نەک تەنها سرنجڕاکێش بن، بەڵکوچ بەهای پەروەردەیی و فێرکارییشیان هەبێت؟
– ڕەنگ بێ ڕای من لەبارەی ئەو پرسیارەوە كەمێك جیاواز بێت. كتێبی منداڵان ئەگەر مەبەست لێی ئەدەبی منداڵان بێت، ئەدەبێكە هەروەكو ئهو ئەدەبهی كە بۆ گەوران دەنووسرێت. ئەدەبی منداڵان پێویستە هەمیشە دوو ئامانجی سەرەكی لە پشتییەوە هەبێت.
یەكەمیان دەبێت خۆشیی و ئاسوودەیی بە منداڵان ببەخشێت. دووەم پەیامێك بگەێنێت.
خوێنەر (لێرەدا واتە منداڵان) بۆچی كاتی بەنرخی خۆی بە خوێندنەوەی كتێبێك ببەخشێت، ئەگەر ئەو كتێبە خۆشی وسوودی پێ نەگەێنێت؟!
نابێت نووسین بۆ منداڵان وەكو ستوونی ڕۆژنامەیەك چاو لێ بكەین; لەسەر چ بابەتێك داوا دەكرێت بنووسرێت، لەوباوەڕەدام ئەوە زۆر هەڵەیە. نووسەری ئەدەبی منداڵان دەبێ خاوەنی بەهرە و داهێنان بێت، كاتێك كە بیرۆكەكەی لە چوارچێوەی چیرۆكێكدا یان هۆنراوەیەكدا دەنووسێتەوە، دەیەوێت چەندان پەیام و وانەی تێدا جێگا بكاتەوە، بەڵام هەرگیز بەرهەمێكی ئەدەبی سەركەوتوو نابێت، ئهگهر بۆ مەبەستێكی دیاركراو یان داواكراو نووسرا بێت.
بە كورتی ئەدەبی منداڵان دەبێت وا بنووسرێت، كە ڕەچاوی بنەماكانی نووسین بكات، بۆ نموونە نووسەرێك كە بیرۆكەكەی بە چیرۆكێك دەنووسێتەوە، پێویستە هونەری چیرۆك نووسین لەبەرچاو بگرێت؛ یان هۆنراوەیەك دەبێت زمانی شیعری و وێنەی شیعری و مۆسیقای نێوان وشەكان و ڕەوانبێژی و هەموو خاڵەكانی تریش كە لە هونەری شیعر نووسیندا هەیە، ئەگەر لە توانایدا هەبێت، باشترە جێگایان بكاتەوە. لە ئەدەبی منداڵاندا بە بەراورد لەگەڵ ئەدەبی گەوران، زمانی نووسین و ناوەڕۆكی بابەتەكان جیاوازن، ئەگەرنا ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە، كە وا بزانین نووسین بۆ منداڵان سادە و ئاسان و ساكارە.
۷. بە ڕای ئێوە، چ جیاوازییەک لە نێوان کتێبی نووسراوە و وەرگێڕدراودا هەیە لە ڕاکێشانی منداڵان بۆ خوێندنەوە؟ ئایا منداڵان زیاتر حەزیان لەو چیرۆکانەیە کە لە کەلتووری خۆیانەوە سەرچاوەیان گرتووە؟
– بە ڕای من هەموو كتێبێكی باش، بە هەموو زمانێك كتێبكی باش و سەرنجڕاكێشە. بۆ نموونە هاری پۆتەر، چیرۆكەكانی هانس كریستیان ئەندەرسن و كتێێبەكانی ئاسترید لیندگرین لە سەرانسەری دنیادا دەخوێنرێنەوە. كتێبی وەرگێڕاو، زمانی وەرگێڕانەكەی بڕیاری لەسەر دەدات، ئەگەر كتێبەكە بەباشی وەرگێڕا بێت، ئەوا منداڵان دەتوانن بە هەمان شێوەی زمانی یەكەم چێژی لێ وەربگرن و بە گەلێك چەمك و بابەتی نوێ ئاشنا بن، بەڵام ئەگەر وەرگێڕانێكی تەواو نەبێت، بەدڵنیاییەوە هیچ منداڵێك خۆشی لە خوێندنەوەی نابینێت.
لە وەرگێڕاندا هەندێجار هەموو وردەكارییەكان لە هەست و نەست و ڕەوانبێژی و یاریكردن بە وشە و كەلتووری نهتهوهیهكی تر و گەلێك شتی دی، ناتوانرێت بخرێتە وەرگێڕانەكانەوە، لەبەرئەوە ئەو منداڵەی كە كتێبەكە بە زمانی دایكی خۆی دەخوێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە پتر چێژ و خۆشیی لێ وەردەگرێت.
ئەگەر لە كۆتایی پرسیارەكەیش بڕوانم، دەڵێم منداڵ حەز لە چیرۆكی خۆش دەكات; دەیەوێت كتێبێك بخوێنێتەوە كە بەپەرۆشەوە لاپەڕەكانی هەڵ بداتەوە و خۆشی لێ ببینێت، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، كە ئەو كتێبە وەرگێڕاو بێت یاخود لە كەلتووری خۆیانەوە سەرچاوەی وەرگرتبێت.
تێبینی: وەڵامەكەم ئەو كتێبانە ناگرێتەوە، كە بۆ قۆناغی پێش قوتابخانە واتە كتێبی وێنەدار، ئەو كتێبانەی بەشی زۆری لاپەڕەكانی بە وێنە و نیگاری ڕەنگاوڕەنگ ڕازێنراونەتەوە; لە بەرامبەریشدا تێكستەكان چەند ڕستەیەكی سادە و ئاسانن، بە جۆرێك كە منداڵی ئەو قۆناغە بەباشی لێی تێ بگات.
۸. لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا، چ ئاستەنگگەلێک بۆ پەرەپێدانی خوێندنەوە لە نێو منداڵاندا هەیە؟
– ئەمە پرسیارێكی ئێجگار زۆر گرنگە، گەلێك لقوپۆپیشی لێ دەبێتەوە، بێگومان لەو بوارەدا ئاستەنگی گەورە هەیە، لێرەدا دەتوانم هەر ئاماژە بە چەند دانەیەكیان بدەم.
– ڕەوشی وڵاتی كوردستان خاڵێكی گرنگە، ئێمە ساڵانێكی دوورودرێژە لە ناو شەڕوشۆڕ و زوڵم و زۆرداری و ژێردەستەیی و ماڵوێرانیدا دەژین، زمانی خۆمان لێ قەدەغە كراوە. هێشتا هەلێكی وا مان لێ ههڵ نهكهوتووه، كە بیر لە چەندان بواری گرنگ بكەینەوە، بەداخەوە پەرەپێدانی كتێب و ئەدەبی منداڵیش لهو بوار و بازنهیهدایه.
هەتاكو ئێستا تەنیا لە یەك پارچەی كوردستان، قوتابخانەی كوردی هەیە و منداڵ بە زمانی زگماكی خۆی دەخوێنێت، ئەمە وا دەكات كە منداڵ نەتوانێت بە ئاسانی كتێبێك بخوێنێتەوە و لێی تێبگات. تەنانەت گەورەكانیشمان بەهۆی نەبوونی پڕۆسەی خوێندنەوە بە زمانی دایك، گەنجینەی زمان تا ڕادەیەك، دەتوانین بڵێن هەژارە.
– ئاستەنگی زمانی نووسین، نووسەری ئەدەبی منداڵان ئەوانیش چونكە بە زمانی دایكی خۆیان نەیانخوێندووە، هەموو زاراوە و وشەی گونجاویان پێ نییە، یان كاتێك كە دەنووسن، دەترسن كە منداڵان لێیان تێ نەگەن.
زۆر زاراوەی زانستی و هاوچەرخ هەیە، كە هێشتا هەموو كەس پێی ئاشنا نییە، ئینجا چ جای لە كتێبی منداڵادا جێگای بۆ بكرێتەوە. ( نووسەری ئەدەبی منداڵان بە زمانی كوردی كێشەی زۆرە لە بارەی زمانەوە ).
– نووسەرانی ئەدەبی منداڵان كەم هاوكاری دەكرێن، گەلێك جار دەبێت لەسەر ئەركی خۆیان بەرهەمەكانیان چاپ بكەن.
– دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان كەمە یان ڕەنگە هەر بوونی نەبێت،
دایكان و باوكانیش گیروگرفتیان هەیە، كاتێك كە كتێب بۆ منداڵەكانیان دەخوێننەوە ڕوو بەڕووی هەمان ئەو كێشانە دەبنەوە.
– ئاستەنگێكی تر، زارەوەكانی زمانی كوردییە. كرمانجی بەشێكی بە لاتینی دەنووسێت؛ سۆرانی و بەشێكی تری كرمانجی بە ئەلفبێی كوردی. بێگومان ئەمە ئاڵوگۆڕی كتێب و بڵاوكردنەوەی لەنێو منداڵانی كورددا سەخت كردووە. كتێبی منداڵان هەروا بەئاسانی بڵاو نابێتەوە. بۆ بەشە كرمانجییەكەی پێویستە جارێكی تر دابڕێژرێتەوە، یاخود بەپێچەوانەوە.
– ئەدەبی منداڵان بە زمانی كوردی هەتاكو ئێستا ستاندەردێكی نییە.( ئەمە بابەتێكی قووڵە ناتوانم لێرەدا بەوردی باسی بكەم). قۆناغەكانی ئەدەبی منداڵان پۆلین نەكراوە; بۆ گەلێگ لە قۆناغەكان، كتێب بە زمانی كوردی بوونی نییە. كە باسی ئەدەبی منداڵان دەكەین هەر یەكسەر یەك دوو قۆناغە و تەواو!
– هەموو ئەو هۆكارانەی سەرەوە، وای كردووە، كە دەزگا و چاپكراوی منداڵان كەم بێت، نیگاركێش و دیزاینەر و هەڵەچن و هەموو ئەوانەی تر، كە لە دەزگای منداڵاندا كار دەكەن، لە ئەدەبی كوردیدا زۆر زۆر كەمن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، كۆمەڵێك نووسەر و ئەدیبی كورد، بەو پەڕی دڵگەرمییەوە بەردەوام خەریكی خزمەتكردنی زمانی كوردی و ئەدەبی منداڵانن.
۹. ئایا تا ئێستا توێژینەوە یان ئەزموونێکتان هەبووە لە بواری بەرهەمهێنان یان پەرەپێدانی کتێبی منداڵانی کوردی؟ چ ڕێگاچارەیەک پێشنیار دەکەن بۆ زیادکردنی حەزی منداڵانی کورد زمان بۆ کتێب؟
ببورن من دەتوانم تەنیا بەشێكی ئەم پرسیارە وەڵام بدەمەوە كە پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە. چونكە من پسپۆڕیی و شارەزاییم نییە لە بارەی گەشەكردنی وهزر و باری دەروونی منداڵانەوە.
ئەزموونی بەندە لەو بوارەدا پتر لە بیست و پێنج ساڵە.
– هەتاكو ئێستا دە كتێبی منداڵانم لە كوردستان بە چاپ گەیاندووە و ژمارەیەكی زۆری لێ بڵاوكراونەتەوە.(زۆربهی بهرههكانم لهسه ئهركی خۆم چاپكراون)
– لە چەندان گۆڤاری منداڵاندا چیرۆك و هۆنراوە و مەتەڵم بڵاوكردۆتەوە.
– لە كوردستان سەردانی چەندان قوتابخانە و گەلێك جێگای ترم كردووە، بەگوێرەی توانا كتێبم بە منداڵان بەخشیووە، هۆنراوهم بۆ خوێندوونهتهوه.
– لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی هاندانی بەندەوە، چەند كەسایەتییەكی بەخشندە و میهرەبان خاوەن دەرامەت، ژمارەیەكی زۆر كتێبیان كڕیووە و دابەشیان كردووە بەسەر منداڵاندا.
بۆ كۆتایی پرسیارەكەیش، پێم وایە لە وەڵامەكانی پێشوودا ئاماژەم بە چەند خاڵێكی گرنگ داوە، كە هەر هەمان مەبەست دەگرێتەوە.
١۰. ڕۆڵی چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان لە پاراستن و پەرەپێدانی کەلتووری خوێندنەوە لە نێوان نەوەکانی نوێدا چییە؟ ئایا پێتان وایە ئەم چیرۆکانە هێشتا دەتوانن بۆ منداڵانی ئەمڕۆ سەرنجڕاکێش بن؟
– دیسانەوە ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، چونكە ڕابردوو بە ئێستا و ئایندەوە دەبەستێتەوە. بەدڵنیاییەوە دەڵێم چیرۆك و ئەفسانە كوردییەكان زۆر زۆر گرنگن. چیرۆكەكانی هیزۆپ كە هەزاران ساڵ لەمەوبەر نووسراون، ئەوانەی برایانی گریم، كریستیان ئەندەرسن، دەیانی تریش، هەتاكو ئەمڕۆ هەر دەخوێنرێنەوە.
بێگومان ئەفسانە كوردییەكانیش هەر وایە، ڕۆستەمی زاڵ، هەمیشە بەهار، گوڕنەتەڵە، داستانی قەڵای دمدم، داستانی مەم و زین و گەلێكی تر ئەمانە هەموویان چیرۆك و بەسەرهاتی زۆر باشن، هیچ كاتێك بەهایان ون نابێت، منداڵان حەزیان لە چیرۆكی خۆش و پڕ جۆش و خرۆشە. جگە لەوەیش گەلێك لەو چیرۆكانە پڕن لە پەند و ئامۆژگاری و وانەی بەرزی ڕەوشت و چاكەكاری و مرۆڤایەتی.
ئەگەر پرسیارەكە پەیوەندیی بە منداڵانەوە هەبێت، پێویستە چەند خاڵێكی تریش لەبەرچاو بگرین:
– ئەو چیرۆك و بەسەرهاتانە هەڵبژێرین كە لە دنیای منداڵانەوە نزیكن، دوور لە توندوتیژی و دیمەنی نەگونجاو.
– زمانی نووسین و گێڕانەوەی چیرۆكەكان، بگونجێت لەگەڵ توانای تێگەیشتنی منداڵاندا. (ئاسان و ساكار بێ، واتە دژوار و ئاڵۆز نەبێت).
– دەكرێت بەشێوەیەكی تر بنووسرێنەوە و دەستكاری بكرێن، به جۆرێك كە لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆماندا بگونجێت.
– وێنە و نیگار و لایەنی هونەری زۆر گرنگی پێ بدرێت. با چیرۆكەكان كۆن بن، بەڵام دەبێت كتێبی منداڵان جوان و ڕازاوە و سەرنجڕاكێش بێت.
– ئەو ئەفسانە و چیرۆكانە، زۆرجار دەبن بە بنەمای بیرۆكە و داهێنانی نوێ، دەتوانرێت زۆر سوودیان لێ وەربگیرێت.
– خاڵێكی گرنگ بۆ ئەو چیرۆك و ئەفسانە كوردییانە ئەوەیە، كە ئەوانە هەمیشە بەشێكن لە ناسنامەی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە، پێویستە هەمیشە بە زیندوویی بیانهێڵینەوە.
له كۆتاییشدا زۆر زۆر سوپاستان دهكهم، كه ڕێزتان له بهنده نا و ئهو ههمووو شانازیی و گهورهییتان پێ بهخشیم. هیوادارم وهڵامهكانم لهبهرامبهر پرسیارهكانی بهڕێزتاندا جێگهی ڕهزامهندییتان بێت.