بەختەوەریی واتە كتێب
دەبێ چ لەوە بەختەوەریی تر هەبێ، لەم سەرما و ساردیی و سۆڵەی ئەوروپا، بەیانییەك دوو کتێبی چاپکراوی تازەی خۆت لەگەڵ باوەشێك كتێبی كوردی خۆی بكات بە ماڵەكەتدا، لەم غوربەتی ڕۆح و دوورییەدا بۆ من ئەوە تەنیا وشەی كوردییە كە ڕۆحم ئاوەدان دەكاتەوە. ئیدی ئەوە بۆ من نیشتمان و كوردستانی ڕاستەقینەی ڕۆحیی منە.
(وەشانخانەی چلونۆ بووك )هەزار ئافەرین كە كوردستانتان هێناوەتە ناو ڕۆحمان و ئەوەی ئێوە دەیكەن، ئەوەیان بەڕاستی پرۆژەی نیشتمانسازیی و نەتەوەسازییە. (نەتەوە) بۆ كورد جگە لە (كتێب) هیچی دیكە نییە. ئەو هەموو كتێبە جوانانە بە زمانی كوردی یا بە زمانانی دیكە لەسەر كورد و كوردستان، ئەوپەڕی مایەی ڕێزگرتن و دەستخۆشییە.
ئەگەر دەزگەیەكی وەك (چلونۆ بووك) سەد ساڵ بەر لە ئێستە لە ئەوروپا هەبوایە، ئەوا ئێستە ڕەوشی نەتەوەسازی ئێمە لە قۆناغێكی دیكەدا دەبوو. بۆیە ئەم دەزگایە لە هەموو ڕوویێكەوە شایانی پشتگیری و كۆمەگە بۆ بەردەوامبوون و پێشەكەشكردنی بەرهەم و بەخششیی زیاتر. ئەم كتێبانە بەم چاپە جوانە و لەبەردەست بوونی بۆ هەركەسێك بیەوێ، كارێكە شایانی ڕێزلێنانە.
چەند دڵخۆش و بەختەوەرم ئەمڕۆ هەر چوار پارچەی كوردستان میوانم بوون و هاتنە ماڵەكەم و بۆ هەتا هەتایەیش میوانم دەبن، دیمانەتان وەخێر و هەرچەند بۆنتان دەكەم و هەموو جوانییەكی كوردستانتان لەگەڵ خۆتان هێناوە، بۆیە هەقمە بڵێم بەختەوەریی واتە كتێب، لە كتێبیش واتە كتێبی كوردی و لەم دوورە وڵاتییە هیچ شتێك بەقەد كتێب ڕۆحم ئاسوودە ناكات، دیمانەتان وەخێر میوانگەلی هەمیشەیی ماڵەكەم. كتێبی چلونۆ بەهیوای بەردەوامیی و ساردنەبوونەوەتانم و ئەو ڕێگەیەی گرتووتانە بەر، پیرۆزترین ڕێگەیە و ڕێگەتان هەمیشە بەردەوام بێ.
لایەن ناوەندی 49 کتێبەوە سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی لوتف و گەورەیی ڕێزدار دوکتۆر نەجات عەبدوڵڵا دەکەین و هیوادارین نموونەیان لەهەڵکشاندا بێت.🌸🌿